دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
بەڵێنی وەزیری زانستی ئێران بۆ کرانەوەی ماستەری زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان
یکشنبه، 3 شهریور 1398
بەڵێنی وەزیری زانستی ئێران بۆ کرانەوەی ماستەری زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان
وەزیری زانست بەڵێنی دا لەمپەرەکان بۆ کرانەوەی ماستەری بەشی کوردی لە زانکۆی کوردستان وەلا بنرێن و هەوڵ بدرێت ئەم بەشە لە زووترین کاتدا دابمەزرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی بەشی پێوەندیە گشتیەکانی زانکۆی کوردستان، وەزیری زانست ئەمڕۆ شەممە (2ی خەرمانانی 98ی هەتاوی) سەردانی زانکۆی کوردستانی کرد و لە چەندین کۆبوونەوە و دانیشتندا لە گەڵ سەرۆکی زانکۆ و دیکەی بەرپرسانی پارێزگای کوردستان، کێشە و داخوازیەکانی زانکۆکانی پارێزگایان خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
 
لە دانیشتنی ئەنجومەنی زانکۆی کوردستان‌دا، پارێزگاری کوردستان کرانەوەی ماستەری بەشی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی کوردستانی وەکوو یەکێک لە داخوازیە جیدییەکانی زانکۆی کوردستان ناو برد و داوای لە وەزیری زانست کرد لە وەزارەتخانەدا هەنگاوی جیدی بۆ ئەم بابەتە هەڵبگیردرێت.
 
بەهمەن مورادنیا هەروەها ئاماژەی بۆ دەرچوونی یەکەم خولی خوێندکارانی کارناسی بەشی زمان و وێژەی کوردی لە زانکۆی کوردستان کرد و وتیشی: بەداخەوە ئەم خوێندکارانە بە هۆی نەبوونی ماستەری ئەم بەشە، ناچارن یان لە بەشەکانی دیکە و یان لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات درێژە بە خوێندن بدەن.
 
ڕەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان تیشکی خستە سەر گرینگایەتی و چاوەڕوانی خوێندکاران بۆ کرانەوەی ماستەری بەشی کوردی و ئاماژەی کرد: زانکۆی کوردستان ئامادەیی پێویستی هەیە بۆ کرانەوەی ئەم بەشە و چاوەڕوان دەکرێ وەزارەتی زانست هاوکاری شیاوی لەم بوارەدا لە گەڵ زانکۆی کوردستان ببێت و هەر وەها داوای لە وەزیری باڵای زانستی ئێران کرد هەوڵ بدات بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لەم بوارەدا.

لە درێژەی دانیشتنەکەدا وەزیری زانست بەڵێنی دا هەموو هەوڵەکان و هاوکاریەکان چڕ بکرێتەوە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کارە گرینگە و وتیشی: بەڵێن دەدەین لە زووترین کات دا ئەم کار و ئەرکە جێبەجێ بکرێت. 
 
پورتال اخبار