دسترسی سریع

بدنه خبر

دانشگاه کردستان / پورتال اخبار / بدنه خبر
خوێندنەوەی ڕۆمانی پیاوێکی شەپقە ڕەشی، پاڵتۆ ڕەشی، پێڵاو شین
یکشنبه، 17 آذر 1398
خوێندنەوەی ڕۆمانی پیاوێکی شەپقە ڕەشی، پاڵتۆ ڕەشی، پێڵاو شین
ڕۆژی شەمە 9ی سەرماوەزی 98ی هەتاوی لە سنە، لە زانکۆی کوردستان، کۆلێژی زمان و وێژە، لە تەلاری گۆراندا خوێندنەوەی کتێبی ڕۆمانی، پیاوێکی شەپقە ڕەشی پاڵتۆ ڕەشی پێڵاو شین، لە نووسینی فەرهاد پیرباڵ، لە لایەن ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی کوردیی زانکۆی کوردستانەوە بەڕێوە چوو.
بە ڕاپۆرتی بەشی پێوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان, ئەم کۆڕە یەکەمین دانیشتنی بەرنامەی دوو‌حەفتانە لەگەڵ کتێب بوو کە لایەن ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی بەشی کوردی بەڕێوە چوو. 
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، ئێحسان میرەکی، سەرۆکی ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی بەشی کوردی، بەخێرهاتنی میوانانی کرد و هەروەها پاشان لە سەر چۆنیەتیی بەڕێوە‌چوونی کۆڕەکە و لە مەڕ کتێبەکە و فەرهاد پیرباڵ چەند وتەیەکی ئاراستە کرد.
لە بەشی دووهەمدا ڤیدیۆیەک بڵاو‌کرایەوە کە فەرهاد پیرباڵ بە شێوەی تایبەتی بۆ ئەنجومەنی زانستی-خوێندکاریی کوردیی نارد‌بوو و لەم ڤیدیۆیەدا باسی چەند بیرەوەرییەکی خۆی و چەند بابەتێکی کرد کە بوونەتە هۆی نووسینی ئەم کتێبە و لە بەشی دواتر‌دا پەنێلێک بۆ خوێندنەوە و ڕەخنە و نرخاندنی کتێبەکە بەڕێوە چوو.
وتار‌بێژانی پەنێلەکە، دوکتۆر یەدوڵا پەشابادی، مامۆستای بەشی زمان و وێژەی کوردی، دوکتۆر مەسعوود بینەندە کۆمەڵ‌ناس و کارناسی توێژینەوەیی لە توێژینگەی کوردستان‌ناسیی زانکۆی کوردستان و هەروەها بەڕێز لوقمان هەورامی، خوێندکاری ماستێری زمان و وێژەی فارسی لە زانکۆی کوردستان، بوون.
لە سەرەتا‌دا د. پەشابادی بە شێوەیەکی فۆڕمالیستی ئاوڕی لە کتێبەکە دایەوە و چەندین تایبەتمەندیی فۆڕمیکی ئەم کتێبەی خستە بەر باس و ئاراستەی ئامادە‌بووانی کرد و هەروەها لە سەر چەندین تایبەتمەندی و تەکنیک لە نووسینەکانی فەرهاد پیرباڵدا قسەی کرد. هەروەها دوکتۆر پەشابادی ئاماژەی بۆ چۆنیەتیی گێڕانەوە و گێڕەوەر لە ئەو ڕۆمانە‌دا کرد.
دوکتۆر مەسعوود بینەندە لە سەر ئەدەبی دیاسپۆرا یان ئەدەبی کۆچ چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و پاشان بە گشتی ئاماژەی بەوە دا کە کۆچ‌کردووان دابەش دەبن بە سەر چەند دەستە‌دا کە یەکێک لە ئەم دەستانە ئەو کەسانەن کە هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە کۆچ دەکەن و نیشتمان بەجێ دێڵن نە تەواو دەتوێنەوە و نە تەواو ئاسمیلە دەبن و نە تەواویش لە بیری نیشتمانەوە لەوێدا دەمێننەوە و بە وتەیەکی تر نۆستالژیای ژیان لە نیشتمان لە دەق و بەرهەمەکانیاندا نابینرێت، بەڵکوو لە دۆخێکی مامناوەندی و بەینابەینیدان و بەرهەم‌گەلێکی باش، بەسوود و خاوەن ناوەرۆک بەرهەم دەهێنن کە فەرهاد پیرباڵ بە گشتی و ئەم بەرهەمە بە تایبەت لەم دەستە‌یەدا جێ‌ ناگرن.
هەروەها وتار‌بێژی سێهەم بەڕێز لوقمان هەورامی، باسی لە پێوەندیی خۆی و فەرهاد پیرباڵ کرد و چەندین بیرەوەرییەکی لە پێوەندییەکانی خۆی و پیرباڵ گێڕایەوە و باسی چەند تایبەتمەندییەکی دەقی فەرهاد پیرباڵی کرد.
لە بەشی کۆتاییی کوڕەکە‌دا، کە گرنگترین بەشی کۆڕەکە بوو، دیالۆگێکی گشتی لە ناو هۆڵەکەدا ساز بوو و چەندین پرسیار ئاراستەی وتار‌بێژان کرا و هەروەها ڕەخنەیەک لە لایەن د. مەسعوود بینەندەوە ئاڕاستەی بەڕێز لوقمان هەورامی کرا بۆ ئەوەی کە مەبەست لە ڕیالیزم قوتابخانەیەکی ئەدەبییە نەک ڕاستگۆبوون و ئەگەر بەم پێوەرەوە چاو لە دەقەکانی فەرهاد پیرباڵ بکەین، ڕەنگە نەتوانین وەکوو ڕیالیستێک چاو لە پیرباڵ بکەین.
 
منبع: ئەنجومەنی زانستی_خوێندکاریی بەشی کوردیی زانکۆی کوردستان
 
پورتال اخبار